lördag 18 november 2017

كاردانه‌وه‌ێ به‌خیلیی و پێشبڕكێ له‌ نێوان مرۆڤه‌كاندا

كاردانه‌وه‌ێ به‌خیلیی و پێشبڕكێ له‌ نێوان مرۆڤه‌كاندا
ره‌زا موسته‌فا سۆڵتانی
 پێشه‌كی:
به‌ زۆری چوونه‌ ناو باسی له‌م جـۆره‌ كاری پسـپـۆڕانی ده‌رووناسه‌، به‌ڵام خولیای گه‌ڕان به‌ دوای وڵام بۆ پرسیار و گرفته‌ سیاسیه‌ ناخـۆییه‌كان هانیدام ئیجازه‌ به‌ خۆم بده‌م ئه‌وه‌نده‌ێ پێمده‌كرێت له‌م گۆشه‌نێگاێشه‌وه‌ چاو له‌ گرفته‌كان بكه‌م.
ئه‌م نووسراوه‌یه‌ به‌ پێ تێگه‌یشتنم له‌ سه‌ر بنه‌مای به‌شگه‌لێكی گرینگ له‌م كتێبه * نووسراوه‌. لێره‌وله‌وێ ئه‌گه‌ر به‌ پێویستم زانێـبـێـت روانگه‌ی خۆمم بۆ باشتر پێكانی مه‌به‌ست و گونجاندن له‌ گه‌ڵ دۆزی كورد تێهه‌ڵكیش كردووه‌. جگه‌ له‌ نه‌قـڵكردن له‌وكه‌سانه‌ وا ناویان هاتووه‌ وچه‌ند په‌ند، فۆكوسم له‌ سه‌ر كۆكردنه‌وه‌ و ده‌رخستنی ڕۆح و ناوه‌رۆكی باسه‌كان كردووه‌ تا وه‌رگێڕانی ڕاسته‌وخۆی به‌شگه‌لێك له‌ كتێبه‌كه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ ناكرێـت ئاماژه‌ به‌ لاپه‌ڕه‌ و دێـڕی دیاریكراو بكه‌م. بۆ كه‌سی عه‌لاقه‌مه‌ند پێشنیاری هه‌موو كتێبه‌كه‌ یان له‌م جـۆره‌ كتێبه‌ كه‌ به‌ زمانی جۆراوجۆر له‌ به‌رده‌ستدان ده‌كه‌م. به‌ قازانجی باشترگه‌یاندنی مه‌به‌ستی سه‌ركه‌ی له‌ زۆر كورتكردنه‌وه‌ی نووسراوه‌كه‌ خۆم بۆاردوه‌.  
هه‌ر مرۆڤێك به‌ كۆله‌پشتـیه‌ك له‌ تایبه‌تمه‌ندی ژنه‌تیكی تایبه‌ت به‌ خۆی له‌ بنه‌ماڵه‌، ساختار و پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی جیاوازدا له‌ دایك ده‌بێـت. ژیانمان له‌ ناو ئه‌و چوارچێـوانه‌دا به‌ڕێوه‌ ده‌چێـت. ژیانی مرۆڤ پڕه‌ له‌ هه‌ڵوێستگرتن و خه‌بات به‌رانبه‌ربه‌ ناحه‌قی و بێـدادی به‌ هۆی كۆسپگه‌لێـكی گه‌وره‌ وه‌ك هه‌ڵاواردن له‌ به‌ر سه‌ر به‌ چیـنی كۆمه‌ڵایه‌تی، ره‌گه‌ز، نه‌ته‌وه‌، مه‌زهه‌ب، جنسیه‌تێك كه‌ بوونه‌ته‌ هۆی ئیمكانی نابه‌رابه‌ر له‌ كارو ژیانیدا بۆ به‌ دیهێنانی پێـداویستیه‌كانی مرۆڤ. له‌ ڕاستـیدا هه‌لومه‌رجمان له‌ باری بایۆلۆژیك و… زۆر جیاوازه‌ و زۆر زیاتر له‌وه‌ی كه‌ ده‌مانه‌وێـت بـیـسه‌لمێـنـیـن كاریگه‌ری له‌سه‌ر كار و ژیان و خه‌باتمان هه‌یه‌. بۆ تـێگه‌یشتـنـێـكی هه‌مه‌لایه‌نه‌ له‌ هه‌موو ئه‌م جیاوازیانه‌ش هـۆ وسه‌به‌بی وه‌ك پێـكهاته‌ و ستروكتوری دابه‌ش بوونی سه‌روه‌ت و ده‌سه‌ڵات له‌ ناو كۆمه‌ڵگادا، دابه‌ش بوون به‌ سه‌ر چینی كریكار- سه‌رمایه‌دار؛ وڵات، میلله‌ت، مه‌زهه‌ب، جنسی (gender) سه‌رده‌ست - بنده‌ست؛ ده‌وری سه‌ره‌كییان هه‌یه‌ و زۆرپێویستن به‌ڵام كافی نیین. دیتنی دولایه‌نی كێشه‌كان بۆ وینه‌ كورد- داگیركه‌ران، كریكار- سه‌رمایه‌دار یا ژن- پیاو زۆرتر تیشك ده‌خه‌نه‌ سه‌ر كێشه‌ و ململانێ نێوان دوو لایه‌نی كێشه‌ سیاسی- كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و كه‌متر تیشك ده‌خرێته‌ سه‌ر كیشه‌ ناوخۆیه‌كانی ته‌نیا لایه‌نێك وه‌ك ناخۆی كورد، ناخۆی كریكاران و ناوخۆی ژنان. ئه‌گریش تیشك ده‌خرێته‌ ناوخۆی ته‌نیا لایه‌نێك، زۆرجار بۆ ته‌نیا به‌خه‌تابار زانینی لایه‌نی به‌رانبه‌ره‌ و شانه‌ له‌ ژێر ئه‌رك و به‌رپرسایه‌تی ناخۆ خاڵیكردنه‌. بۆ نموونه‌ی ته‌وجیه‌كردنی ناته‌بایی، پرژوبڵاوی و نایه‌كگرتوویی كریكار، ژن و كورد ته‌نیا و یا زۆرتر له‌ به‌ر زوڵم و زۆرداری لایه‌نی به‌رانبه‌ر(سه‌رمایه‌دار، پیاو، داگیركه‌رانی كوردستان) تێڕوانینێكی ناته‌واو و به‌رته‌سكه‌ و له‌ شانه‌خاڵیكردن ژێر باری ئه‌ركی قورسی ریكخستن و ریككه‌وتن له‌ ناو دڵی تاكه‌كان، ریكخراوه‌، میلله‌تی كورد، ژنان و چینی كریكار سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت. لایه‌نی به‌رانبه‌ر به‌ زۆری ده‌سه‌ڵات و سامانێك كه‌ ئێمه‌ پێمانداون به‌د به‌كار دێنن و رۆژانه‌ هه‌زاران هۆ بۆ یه‌كگرتن و داكۆكی له‌ مافی خۆمان ده‌خه‌نه‌ به‌رده‌ممان. ساڵهایه‌ باسی غه‌داری ئه‌وان ده‌كرێت، كه‌ ڕاسته‌، به‌ڵام زۆر كه‌م كۆسپه‌ ناوخۆیه‌كان به‌ ده‌نگی به‌رز و ئاشكرا باس ده‌كرێت و ڕێگای چاره‌ی بۆ نابـیـنـیـنه‌ه‌وه‌.
بـێعه‌داڵه‌تی و ناحه‌قیه‌ ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی، و كه‌لتووری و سیاسیه‌كان ئـه‌ونده‌ زۆر و گه‌شتگیرن كه‌ زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری هـێزی هه‌موو خه‌باتكاران به‌خـۆیه‌وه‌ ته‌رخان ده‌كات. گشتگیری و كاریگه‌ری ئه‌و بـێدادیانه‌ وا ده‌كات خۆاستوویستی مرۆڤی تاك به‌ ته‌واوی ده‌كه‌وێته‌ ژێر خۆاستوویستی كۆڕوكۆمه‌ڵ و ریكخراوه‌ سیاسی و كه‌لتووریه‌كان و په‌راوێز ده‌خرێن. به‌ڵام مرۆڤی تاك هاوكات كه‌ ئه‌ندامی یه‌كێك له‌و ریكخراوانه‌یه‌ و ئه‌ركه‌ گشتیه‌كان به‌ڕێوه‌ ده‌بات بۆخۆشی خۆاستوویستی رۆحی و مه‌عنه‌وی شه‌خسی و تایبه‌ت به‌ خۆی هه‌یه‌، كه‌ پێـویسته‌ هه‌ر وه‌ك نان، ئاو و جلوبه‌رگ فه‌راهه‌م بكرێن. ده‌نا مرۆڤی تاك له‌ حه‌سره‌ت نه‌گه‌یشتن به‌ خۆاسته‌ مه‌عنه‌ویه‌كانی په‌كی ده‌كه‌وێت، نه‌خۆش ده‌كه‌وێت، دوای ماوه‌یه‌ك به‌دیهێنانی خۆاسته‌ تایبه‌تیه‌كانی خۆی به‌ سه‌ر خواسته‌ گشتیه‌كاندا زاڵ ده‌بێت و به‌ شێوه‌ی سالم و ڕاستگۆیانه‌ و یان به‌ شێوه‌ی ناسالم و شاردراوه‌ هێزی خۆی بۆ دابینكردنیان ته‌رخان ده‌كات.
تاكی سڵامه‌ت ریكخراوه‌ی سڵامه‌ت پێك دێـنـێـت. تاكی نه‌خۆش ریكخراوه‌یش نه‌خۆشده‌خات. گرینگ دیتنه‌وه‌ و ته‌عریفكردن و دابین كردنی میكانیزمێكی كراوه‌ و ئاشكرایه‌ بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی نیاز و پێداویسته‌كانی مادی و مه‌عنه‌ویه‌كانی تاكی ناو ریكخراوه‌كانه‌ كه‌ مه‌جبوور به‌وه‌ نه‌كرێیت بۆ دابینكردنی پێداویستیه‌كانی خۆ په‌نا بۆ ئاجه‌ندای نهێنی و شاراوه‌ برێت و له‌ كرده‌وه‌دا به‌ دژی ریكخراوه‌كه‌ی خۆی هێزی بخاته‌كار. پێشگرتن و پراوێز خستنی وه‌دیهێنانی خۆاستوویستی شه‌خسی و تاكه‌كه‌سی به‌ ئه‌نقه‌ست بێت یا نائاگا له‌ درێژماوه‌دا مه‌حاڵه‌. به‌پێچه‌وانه‌ ده‌كرێت له‌ كه‌شوهه‌وایه‌كی سالمدا پێشبڕكی پۆزه‌تیڤ بۆ هه‌رچی زیاتر و باشتر وه‌دیهێنانی خۆاستی تاكه‌كان فه‌راهه‌م بكرێت و له‌و ڕێگاوه‌ تاك مه‌جبوور به‌وه‌ نه‌كرێت له‌ خۆاستی شه‌خسی خۆی و خۆاستی ریكخراوه‌كه‌ێ یه‌كـێكـیان هه‌ڵبـژێـرێـت یان خۆاستی خۆی پێش خۆاستی ریكخراوه‌كه‌ی بخات. ریكخراوه‌كه‌ ده‌توانـێـت هاوكات كه‌ بۆ ئامانج و پرۆگرامێكی گه‌وره‌ و گشتی تـێده‌كۆشیت به‌ پێ ئیمكانگه‌لێـك كه‌ ژیان و كۆمه‌ڵگا له‌ ئیختیاری ناوه‌ حه‌ز و پـێداویستی تاكه‌یش له‌ ناو ریكخراوه‌ و كۆمه‌ڵگادا فه‌راهه‌م بكات.
بۆ نموونه‌ چاو له‌ حیزبه‌سیاسیه‌كانی هه‌موو كوردستان ده‌كه‌ی له‌ ڕواله‌تدا ده‌بینی له‌ پڕۆگرام، پێڕه‌و، سیاسه‌ته‌ گشتیه‌كان له‌ ئاست هه‌موو ناوچه‌كه‌ كه‌ كۆردی لێ ئه‌ژیت و یا له‌ ئاست پارچه‌یه‌كی دیاركراوی كوردستان له‌ به‌ین و له‌ ناو حیزبه‌كاندا لێكچوون و خاڵی هاوبه‌ش یه‌كجار زۆرن. به‌ڵام كاتێك باسی یه‌كگرتنه‌وه‌، به‌ره‌ی كوردستانی، كونگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی، ئه‌ستراتیژی هاوبه‌شی كورد، هاوكاری و هاوخه‌باتی له‌ به‌رانبه‌ر داگیركه‌رانی كوردستادا دێیته‌ مه‌یدان له‌ كه‌رده‌وه‌دا هه‌موویان ئیفلیجن و به‌ پێچه‌وانه‌ی دروشمی خۆیان هه‌نگاو ئه‌نێن و هه‌موویان خۆیان به‌ بێ خه‌تا و ئه‌وانیتر به‌ خه‌تابار له‌ قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن.
هه‌ر كام له سه‌ركرده‌ی ئه‌م حیزبانه‌ بڕۆنه‌ سه‌ر مه‌نبه‌ر به‌ چه‌ند سه‌عات ده‌توانن نه‌سیحه‌تی خه‌ڵك بكه‌ن وله‌ باسی پێویستی یه‌كگرتوویی هه‌موو كورد زۆر قسه‌ی چاكی كه‌م خه‌رج ،له‌ پێشدا كه‌م خه‌رج بۆ شه‌خسی خۆی دوایی بۆ ریكخراوه‌كه‌ێ، بكه‌ن. كێشه‌كه‌ چییه‌؟  گیروگرفتی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ گه‌شتی و گرفتی كورد به‌ تایبه‌تی، له‌ناوچه‌یه‌كدا كه‌ جگه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی و ده‌ستـتـێـوه‌ردانی چوار ڕژیمی داگیركه‌ر به‌رژه‌وندی و ده‌ستـیـێـوه‌ردانی هه‌موو زه‌لهێزه‌كانی دونیای تێـدایه‌، زۆر كۆمپله‌كسه‌ و وه‌ڵامێكی ساده‌ و یه‌كلایه‌نه‌ی نییه‌. لێكۆڵینه‌وه‌ و لێدوان له‌ گوشه‌نیگای جۆراجۆره‌وه‌ زۆر كراوه‌.
مه‌به‌ست له‌م نووسراوه‌یه‌ (به‌ یارمه‌تی وه‌رگرتن له‌ باسی پسپۆرانی ده‌روونناس) كردنه‌وه‌ په‌نجه‌ریه‌كه‌ بۆ ده‌روونی مرۆڤی تاك و تێـڕوانـیـنـێكه‌ بۆ كاریگه‌ری مرۆڤی به‌ «موراد» نه‌گه‌یشتووه‌ له‌ ریكخراوه‌كاندا، حه‌سوودی و به‌خیلیی به‌یه‌ك بردن له‌ ناو و له‌ به‌ێن رێكخراوه‌كاندا و كاردانه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆی ئه‌م هه‌سته‌ تاڵه‌ له‌ سه‌ر خه‌باتی سته‌م لێچوانه‌ به‌ گشتی و كورد به‌ تایبه‌تی. ئه‌گه‌ر خاڵه‌ گشتیه‌ هاوبه‌شه‌كان و تكا و رجای كۆمه‌ڵانی به‌رینی خه‌ڵكی چوارپارچه‌ی كۆردستان له‌م هه‌له‌ هه‌ڵكه‌وتوو و له‌باره‌دا كارساز نیین ده‌با ئه‌م جاره‌ تۆزێك له‌ داخ و مه‌راقی به‌ موراد نه‌گه‌یشتنی تاكه‌ كه‌سه‌ سیاسیه‌ ده‌سڵاتداره‌كانی كورد له‌ په‌نجه‌ره‌ی حه‌سوودی و به‌خیلیی به‌یه‌ك بردنه‌وه‌ سه‌یری كیشه‌كان به‌كه‌ێن. زۆرجار تامه‌زرۆی وه‌ك كه‌سیتر ژیانبردنه‌سه‌ر ئه‌ونده‌ تێكه‌ڵ به‌ حه‌سوودی بووه‌ كه‌ بووه‌ته‌ هـۆی كه‌مبایه‌خدان به‌وه‌ی كه‌ هه‌مانه‌ وله‌زه‌ت نه‌بردن له‌ ژیان له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و ئیمكانگه‌له‌ ژیان له‌ ئیختیاری ناوین. حه‌سوودی به‌ یه‌كبردن و ره‌قابه‌تێكی نه‌گه‌تیڤ له‌ نێوان ئه‌ندامانی زۆر ریكخراوه‌دا بۆته‌ هۆی لێكترازان و دابڕان و ئه‌نشعابی نابه‌جێ، كه‌ دواتر پاساوی سیاسی و ڕێكخراوه‌یه‌ی، تاكتیكی، ده‌ست تێوه‌ردانای دۆژمنان و نه‌یاران و … بۆ دروست ده‌كه‌ن. بڕاستی ئه‌گه‌ر مرۆڤه‌ ژیرده‌سته‌كان كیشه‌ی به‌ یه‌كتر حه‌سوودی بردن له‌یه‌كیان نه‌ترازێنی، تێگه‌یشتن و خه‌باتی هاوبه‌ش و یه‌كگرتوو بۆ ئازادی، سه‌ربه‌ستی و رفاه‌ كه‌ رۆژانه‌ له‌ نه‌بوونی ئه‌وانه‌ ره‌نج ده‌به‌ن سه‌خته‌ و ده‌ستپــێگه‌یو نییه‌؟ كه‌س هه‌یه‌ نه‌زانی تـێـری باشتره‌ له‌ برسیه‌تی، سه‌ربه‌ستی باشتره‌ له‌ یه‌خسیربوون؟ ئیمه‌ كه‌ به‌رهه‌مهێـنه‌ری بژیووی ژیانین و زیاتر له‌ نه‌وه‌دله‌سه‌دی(٩٠%) كۆمه‌ڵگاین تا كێ به‌ دیكتاوربوونی دۆژمنان و نه‌یارانمان دڵداری خۆمان بۆ ناته‌بایی و پرژبڵاوی  ناوخۆمان ئه‌دێنه‌وه‌؟ دوژمنان به‌ هه‌موو جۆره‌ زوڵم و زۆرێك له‌ زۆربه‌ی خه‌ڵكی كۆمه‌ڵگا باشترین هه‌لومه‌رج بۆ یه‌كیه‌تی و خه‌باتی هاوبه‌شمان فه‌راهم ده‌كه‌ن. سه‌ره‌ڕای تێكۆشان و خه‌رجی زۆری دوژمنان بۆ ته‌فره‌قه‌ له‌ بێنماندا بۆمان نییه‌ له‌و بابه‌ته‌وه‌ زیاده‌ڕه‌وی به‌كه‌ین و فاكتۆره‌ رۆخێنه‌ره‌كانی ناو خۆمان كه‌م بنرخێـنـێـن و یا باسیان نه‌كه‌ێن. دیاره‌ مه‌به‌ست ئه‌وه‌ نییه‌ حه‌سوودی وه‌ك ته‌نیا گرفت ده‌ستنیشان كرێت و هه‌موو گرفته‌ پێكهاته‌یی و ستروكتووریه‌كان وه‌ك جیاوازی چینایه‌تی، میللی، مه‌زهه‌بی و… له‌بیر بچنه‌وه‌. مه‌به‌ست زه‌قكردنه‌وه‌ زه‌ره‌ری بێده‌نگی به‌ ده‌نگی به‌رز قسه‌نه‌كردن بۆ دێتنه‌وه‌ی رێگاچاره‌یه‌كی ئاشكرا و دوور له‌ عه‌یب وعار بۆ كیشه‌یه‌كمان كه‌ به‌خۆمان بزانین یا نه‌زانین، ددانی پێدابنێن یان نه‌ هێزیكی سروشتی رۆخێنه‌ری كه‌م بینراو وكه‌م باسلێكراوه‌ له‌ ناخی مرۆڤدا. به‌تایبه‌ت له‌ دونیای ده‌سه‌ڵات و سیاسه‌تدا.
به‌خیلیی
په‌ندێكی دانماركی ده‌ڵێت:« ئه‌گه‌ر به‌خیلیی ویرووس بوایه‌ت، هه‌موو كه‌س نه‌خۆش ده‌بوون.». كاتێك به‌خیلیی وه‌ك هه‌ستێكی ناچارو داسه‌پاوی ناو كۆمه‌ڵگای پێشبڕكێكردن چاو لێ بكرێت، به‌په‌رۆشی بۆ تێگه‌یشتن له‌ چۆنیه‌تی كاریگه‌ری ئه‌و هه‌سته‌ له‌ سه‌رمان و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ركردنی، جێگای خۆی ئه‌دات به‌ چاوپۆشین و نه‌دیتنی ده‌رئه‌نجامه‌كانی ئه‌وهه‌سته‌.
زۆبه‌ی ئێمه‌ وا فێركراوین كه‌ مرۆڤی باش به‌خیلیی به‌ كه‌س نابات. شك له‌وه‌دا نییه‌ كه‌ لایه‌نی ڕه‌ش و ڕووخێنه‌ر له‌ به‌خیلیی بردندا هه‌یه‌ كه‌ ده‌توانێت كێشه‌ی گه‌وره‌ له‌ نێوماندا سازكات. زۆر جار له‌ به‌خیلیی بردنی زۆر و مه‌هار نه‌كراودا كار گه‌یشتوه‌ به‌ كوشتنی جسته‌یی یا ئازاردان تا ڕاده‌ی «كۆشتنی ڕۆحی».
یه‌كێك له‌ ڕیشه‌كانی به‌خیلیی له‌ حه‌ز و به‌ تامه‌زرۆبوون بۆ ئه‌و شت و تایبه‌تمه‌ندیانه‌وه‌ كه‌ خه‌ڵكی ده‌ورووبه‌رمان هه‌یانه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت. فێر ده‌بین چی شادمان ده‌كات و دایم له‌ تێكۆشانداێن كه‌ له‌ ڕیگای به‌ده‌ستهێنانی شته‌ی مادی و مه‌عنه‌ویه‌وه‌ پێداویستیه‌كانمان ده‌سته‌به‌ركه‌ێن و ده‌روونمان ڕازیكه‌ێن ، به‌ڵام لیستی ئه‌و شتانه‌ زۆر دوور و درێژن و قه‌د ته‌واو نابن. كۆمه‌ڵگای مه‌سره‌فی به‌ زۆرتر زه‌قكردنه‌وه‌ی به‌خیلیی، به‌راوردكردن و چاولێگه‌ری له‌ نێوان خه‌ڵكدا ئه‌وپه‌ڕی قازانج وه‌رده‌گرێت و له‌ سه‌ر حه‌سوودی مرۆڤه‌كان سه‌رمایه‌گوزاری ده‌كات.   
به‌خیلیی به‌ كه‌سانێك هاوته‌مه‌ن و له‌ نزیكی خۆمان (له‌ بنه‌ماڵه‌، گه‌ڕه‌ك،  ڕیكخراوی سیاسی، شوێنی كار و …) ده‌به‌ێن كه‌ له‌ كارێكی سیاسی، هونه‌ری، ئابوری، وه‌رزشی و … سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ست هێنابێت و خۆمان له‌ گه‌ڵ ئه‌وان به‌راوورد ده‌كه‌ێن. ئه‌گه‌ر دایم خۆمان له‌ گه‌ڵ كه‌سانێك كه‌ زیاتریان هه‌یه‌ و به‌ نه‌ردیوانی پله‌ و پایه‌دا زیاتر سه‌ركه‌وتن به‌راوورد بكه‌ێن به‌ناچار هه‌ست به‌ دۆخی ناهه‌موار و بنكه‌وتن ده‌كه‌ین. ئه‌گه‌ر خواست و داواكاری له‌ سه‌ر خۆمان بۆ به‌ ئه‌نجامگه‌یاندنی كار و سه‌ركه‌وتن زیاده‌ له‌ حه‌د له‌ سه‌ره‌وه‌ بێت ریسكی ئه‌وه‌ كه‌ له‌ پله‌وپایه‌ و جێگه‌ی خۆ رازی نه‌بێت زیاتره‌. كه‌سانێ سه‌ركه‌توو و دوور له‌ كار و ژیانمان نه‌ته‌نیا وه‌ك خه‌ته‌ر بۆ خۆمان چاولێ ناكه‌ێن بڵكۆ وه‌ك نموونه‌ی باش و ئایدۆل چاویان لێ ئه‌كه‌ین به‌ڵام سه‌ركه‌وتنی كه‌سی نزیكی خۆمان بێ هێـز و ئیفلیجمان ده‌كات.
جووت بوون و تێكه‌ڵبوونی دوو دیارده‌ی پێشبڕكێ كردن و حه‌سوودی كردن له‌وانه‌یه‌ له‌ هێـزی پاڵپێوه‌نه‌ری زیندوومانه‌وه‌ كه‌ له‌ ناو هه‌موو گیانله‌به‌راندا كه‌ به‌ پۆل و كۆمه‌ڵ ده‌ژین ده‌بینرێت و له‌ هه‌موویاندا كێشه‌ و كێبڕكێ له‌ سه‌ر بژیوی ژیان و به‌ ده‌ستهێنانی پله‌ و مه‌قامی سه‌روكایه‌تی تا دروست بوونی هیرارشی ده‌سه‌ڵات سه‌رچاوه‌ بگرێت. له‌ ناو مرۆڤدا كێشه‌ زۆرتر له‌سه‌ر قازانجی ئابوری، كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووریه‌. خۆاستوویست سه‌رچاوی سه‌ركی حه‌سوودیه‌ و پێشبڕكێكردنیش بۆ به‌ دیهێنانی خۆاستوویست شه‌رت و مه‌رجی به‌خیلیی بردن و حه‌سوودی كردنه‌.
توێژینه‌وه‌ی ژاپۆنیه‌كان له‌ سه‌ر مێشكی مروڤ نیشانی داوه‌ كه‌ مروڤ له‌ كاتی حه‌سوودی كردندا به‌شی ئێش له‌ مێشكدا چالاك ده‌بێته‌وه‌ و له‌ كاتی زه‌ره‌ر و دۆڕاندنی لایه‌نی به‌رانبه‌ردا به‌شی پاداشت و خه‌ڵاتی مێشك چالاك ده‌بێته‌وه‌ و به‌ قه‌ولی په‌ندی ژاپۆنی «سه‌رنه‌كه‌وتنی ئه‌ویتر تامی هه‌نگوین ده‌دات».
له‌ كۆروكۆمه‌ڵی سیاسی و كولتووریدا كه‌ به‌خیلیی زاڵ بێت پێش ئه‌وی نه‌زه‌ر و بیروبۆچوون به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ باسكرێت و بخرێته‌ به‌رده‌م بیسه‌ران و به‌شداربووانی كۆبۆنه‌وه‌كه‌ له‌ڕێوه‌ به‌ چه‌قلی حه‌سوودی كه‌شوهه‌وای كۆبۆنه‌وه‌كه‌ ئالوده‌ ده‌كرێت و شادی و شه‌وق ده‌كوژرێت و لێكحاڵی نه‌بوون و دوڕدۆنگی به‌ر سه‌ر فه‌زای كۆبوونه‌وه‌كه‌دا زاڵده‌كرێت. زۆر جار ئه‌ونده‌ حه‌سوودی خۆمان ئه‌شارێنه‌وه‌ كه‌ خۆشمان نازانین چ هێـزێك له‌ ده‌روونماندا پاڵپـێـوه‌نه‌رمانه‌ و ناتوانین به‌ چه‌ند وشه‌ بۆخۆشمانی باس كه‌ێن.
: ده‌ڵێت Arthur Schopenhauer
«به‌ دیـتنی سه‌ركه‌وتن و كه‌ره‌سته‌ی كه‌سیـتر، كه‌موكۆڕی و ناته‌واوی خۆمان زۆر تاڵـتـر ده‌بـێـت.»
به‌ به‌راووردكردنی خۆ و كه‌رسته‌ی خۆ له‌ گه‌ڵ ده‌وروبه‌ر جار وایه‌ ده‌كرێت فـێری كارێكی باش و پوزتیڤ ببین و یان به‌پێچه‌وانه‌ بكه‌وینه‌ داوی چه‌رخه‌ی چاولێگه‌ری و پێشبڕكیه‌كی بێكۆتایی. ره‌قابه‌ت له‌ گه‌ڵ ره‌قیب ونه‌یار بۆ ئه‌وه‌ی لانیكه‌م به‌ ئه‌ندازه‌ و به‌ باشی ره‌قیبمان هه‌بێت پرۆسه‌ی پێشچوون وه‌ گه‌ڕده‌خات و ئه‌م جۆره‌ له‌ ره‌قابه‌ت پێویستی به‌ كارو تێكۆشانی سه‌خته‌. موشكل كاتێـیك په‌یدا ده‌بێـت كه‌ ره‌قابه‌ت ببـێته‌ هۆی دروستكردنی ئومید بۆ پێشچوون، به‌ڵام ده‌ركه‌وێت كه‌ به‌ربه‌ره‌كانی زۆر دژوارو نزیك به‌ مه‌حاڵه‌، ئه‌وكات حه‌سوودی و هه‌ستی تاڵی نابه‌رابه‌ری، سووك بوون و شكان مرۆڤ له‌ خۆیدا نوقم ده‌كات. هه‌سته‌كان ئه‌ونده‌ ناخۆش و تاڵن كه‌ مرۆڤ نایه‌وێت به‌ زبانیان بێـنی و باسیان بكات و ناخی خۆیدا دیانشارێته‌وه‌ و پاساوی عه‌قلانی وئه‌رێـنیان بۆ ساز ده‌كات بۆ قه‌ناعه‌ت هێینان به‌ به‌رحه‌ق بوونی خۆی. له‌ كۆمه‌ڵگادا حه‌سوودی ڕه‌وا و به‌جێیش هه‌یه‌، وه‌ك جیاوازی زۆری ئابوری و كولتووری نێوان فه‌قیر و ده‌وڵه‌مه‌ند، كه‌مئه‌ندام و خه‌ڵكیتر، نه‌ته‌وه‌ی بنده‌ست و سه‌رده‌ست، ژن و پیاو، ره‌ش پێست و سپی پێست، شێعه‌ و سونی، و ... كه‌ ده‌بێته‌ هۆی كۆبوونه‌وی هێز بۆ گۆڕانكاری بۆ كه‌متركردنه‌وه‌ی نابه‌رابه‌ری ئابوری، كولتووری و ...
مرۆڤ بوونه‌وه‌ریكی سوسیال و به‌راووردكاره‌. كۆمه‌ڵگا و مێدیای مودێڕن خێرا و هه‌مووڕۆژێك و بیرمان دێنێته‌وه‌ خه‌ڵكی ده‌وروبه‌رمان چۆن ئه‌ژین و چییان هه‌یه‌. به‌ پێ دۆخی ڕۆژانه‌ كه‌ مرۆڤ تـێدا به‌سه‌رده‌بات وینه‌ و له‌خۆتێگه‌یشتنی مرۆڤ له‌خۆی له‌ گفتوگۆیه‌كی به‌رده‌وامدایه‌ له‌ گه‌ڵ خۆی. له‌ دیدار له‌ گه‌ڵ خه‌ڵكیتر وینه‌مان له‌ خۆمان له‌ گه‌ڵ چۆنیه‌تی به‌رچاوكه‌وتن و وه‌رگرتن یا وه‌رنه‌گرتن له‌ لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ رووبه‌روو ده‌بێته‌وه‌. كه‌سێك كه‌ خۆڕێزی باشی بۆ خۆی هه‌بی له‌ به‌راووردكردنی خۆی له‌ گه‌ڵ خه‌ڵك تووشی حه‌سوودی نابێت یان كه‌متر تووش ده‌بێث. ده‌توانن له‌ گه‌ڵ جیاوازی خۆیان و خه‌ڵك بژین به‌ بێ ئه‌وه‌ تووشی نگرانی و دڵه‌ڕاوكی بن. به‌راووردكردن لای ئه‌وان كارتێكردنی نێگه‌تیڤی نییه‌.   
حه‌سوودی له‌ كۆڵه‌پشتی ژێـنـێـتـیـكـی مرۆڤـــدا !
وه‌ك مرۆڤ له‌ گه‌ڵ  كۆمه‌ڵێك مه‌رج و هه‌ڵكه‌وت بۆهه‌سته‌كانمان كه‌ موتـۆرو وه‌گه‌ڕخه‌ری ره‌فـتاركردنمانن له‌ دایه‌ك ده‌بـێـن. وادیاره‌ حه‌سوودی یه‌كێـك له‌ هه‌سته‌ بنچینه‌یی و سه‌ره‌كییه‌كان بێت چوون هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای منداڵیمانه‌وه‌ به‌رچاو ئه‌كه‌وێـت. له‌ هه‌موو زبانێكدا وه‌شه‌یه‌ك بۆ حه‌سوودی هه‌یه‌. لێكۆڵه‌ره‌وكانی ته‌كاموڵ (Evalution) پێیانوایه‌ كه‌ حه‌سوودی مه‌رج و ئیمكانێكی سه‌ره‌كی بووه‌ بۆ زیندوومان له‌ كاتی پێشبڕكی له‌ سه‌ر خۆراك و بژیوی ژیاندا. له‌ كۆمه‌ڵگای ئێستادا به‌ هاتنی و دروستكردنی ئه‌و هه‌موو پێداویستیانه‌ی ژیان ریسكی ئه‌وه‌ زۆره‌ كه‌ حه‌سوودی ببێت به‌ كۆسپێكی گه‌وره‌ی ژیان چوون خه‌ریكه‌ له‌ به‌راووردكردنی رۆژانه‌دا نقومده‌بین و حه‌تمییه‌ كه‌ له‌ ژماره‌یه‌كی
به‌رچاو له‌و به‌راووردكردنانه‌دا بنده‌كه‌وین و له‌ دۆخێكی ناهه‌مواردا به‌سه‌رده‌به‌ێن.
چۆن مامه‌ڵه‌ له‌ گه‌ڵ حه‌سوودی ده‌كرێت !
كاتێك مرۆڤ ده‌ستی له‌ كۆچه‌ربوون هه‌ڵگرت و نیشته‌جێبوو و ده‌ستی به‌ كشتوكاڵی كرد، هه‌ندێك كه‌س به‌ هۆی جۆراجۆره‌وه‌ له‌ به‌رهه‌مهێناندا سه‌ركه‌وتووتر بوون، له‌ گه‌ڵ یه‌كتر به‌راووردكردن ده‌ستی پێكرد. پێشتر بیروباوڕی مه‌زه‌هه‌بی ده‌ورێكی گرینگی له‌ یارمه‌تیگه‌یاندن به‌ خه‌ڵك بۆ چونیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌ گه‌ڵ ئه‌و نابه‌رابه‌ریه‌ زه‌ق و ئاشكرایانه‌دا ئه‌گـێـڕا. ئه‌گه‌ر كه‌سێك سه‌ركه‌وتوو نه‌بوایه‌ت یا له‌ به‌رچاو خودا كه‌وته‌بوو یا رۆحی باوباپیرانی خۆی تووڕه‌ كرده‌بوو و یا به‌ر «چاوی پیس» كه‌وته‌بوو. مه‌سیحیه‌ت و دینه‌كانیتر تێده‌كۆشان به‌ یارمه‌تی وه‌سفكردنی به‌هه‌شت، كه‌ له‌وی هه‌موو نابه‌رابه‌ریه‌كان له‌ناو ده‌برێـن، هێزو وزه‌ی حه‌سوودی كه‌م كه‌نه‌وه‌. ریوایه‌ته‌كانیان له‌ سه‌ر دڵنه‌وایی و پاداشدانه‌وه‌ له‌و دونیا  بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی نابه‌رابه‌ریه‌كانی ئه‌م دونیا بۆ ماوه‌ی دوور و درێژ له‌ سه‌ر نه‌سلگه‌لێكی زۆر كاریگه‌ری هه‌بووه‌. ماركسیسم مه‌زه‌هه‌ب و دینی وه‌ك ئه‌فیون(تریاك) بۆخه‌ڵك باسكرد چوون دینه‌كان پاساو و تۆجیه‌ ئاسمانیان بۆ نابه‌رابه‌ریه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگا ده‌هێنایه‌وه‌.  تـێـبـیـنـیـكی دروسته‌، هه‌ر چه‌ند ماركسیسم مه‌زهه‌ب و دینی له‌ كـۆڵخـۆیـكرده‌وه‌ به‌ڵام له‌ به‌دیهـێـنانی كۆمه‌ڵگایه‌كی به‌رابه‌ر به‌ بێ به‌راووردكردن و به‌ بێ هێزی رووخێنه‌ری حه‌سوودی تا ئێستا سه‌ركه‌توو نه‌بووه‌. كۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داریش كێـبڕكی و حه‌سوودی وه‌ك هێزی پاڵپێـوه‌نه‌ری گرینگ چاو لێده‌كات كه‌ ده‌بنه‌ هۆی كۆشش، به‌ ئه‌نجامگه‌یاندنی، كڕین و سه‌رفكردنی زیاتر و زیاتر.

له‌و وڵاتانه‌ی كه‌ سوسیالدیموكراته‌كان ده‌وله‌تی ره‌فاهیان پێكهێناوه‌ تێكۆشاون به‌ دانانی ماڵیاتی  زۆر تا ڕاده‌یه‌ك جیاوازی چینایه‌تی نێوان فه‌قیر و ده‌ڵه‌مه‌ند كه‌م بكه‌نه‌وه‌ و باسی «یه‌كسانی» ده‌كه‌ن و له‌ ئامریكا باسی «عه‌داله‌ت» ده‌كه‌ن. له‌ هه‌ر دوولا ته‌نگده‌ستان نه‌یان توانیوه‌ خۆیان ڕێكخه‌ن و سیستم ده‌سه‌ڵات و دابه‌شكردنی داهات به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رچاو بگۆڕن. له‌ ئامریكا ده‌گوترێیت هه‌ر كه‌س بێهوێت ده‌توانێت ببێت به‌ میلیونه‌ر ته‌نیا به‌ مه‌رجی زۆركاركردن و هه‌موو كه‌س یه‌كسان له‌ دایه‌ك ده‌بێت به‌ڵام دواتر ڕاگرتنی ئه‌و یه‌كسانییه‌ ته‌نیا پێوه‌ندی به‌ كار و تێكۆشانی سه‌ختی تاكه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگاوه‌ هه‌یه‌ و هیچیتر. به‌ پێ ئه‌م بۆچوونه‌ منداڵێك كه‌ له‌ گه‌ڕه‌كی هه‌ژارنشین و منداڵێك كه‌ له‌ گه‌ڕه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ندان له‌ دایك ده‌بێت مه‌رجی سه‌ركه‌وتنیان له‌ ژیاندا وه‌ك یه‌كه‌!!
ئاماری هه‌مه‌لایه‌نه‌ و به‌ربڵاو له‌ به‌شی زۆری دونیا نیشان ده‌دات كه‌ میزانی نیگه‌رانی، توندوتیژی و نه‌خۆشی له‌ وڵاتانی ده‌وڵه‌مه‌ند به‌ جیاوازی داهاتی زۆره‌وه‌ له‌ نێوان تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگادا زۆر زیاتره‌ له‌ وڵاتانێك به‌ جیاوازی داهاتی كه‌متره‌وه‌. ده‌وڵه‌مه‌ندی  تا ڕاده‌یه‌ك ده‌توانێت یارمه‌تیده‌ری خۆشبه‌ختی مرۆڤ بێت، به‌ڵام كاتێك كه‌ پێداویستیه‌ ئه‌ساسیه‌كانی مرۆڤ ده‌ستبه‌ركران فاكتۆرگه‌لێكیتر ده‌ور و ڕۆڵی زۆر گرینگیان ده‌بێت.
به‌راووردكردن له‌ نێوان چین و تویژه‌كان له‌ كۆمه‌ڵگادا وه‌ك هێزێكی قه‌وی پاڵپێوه‌نه‌ره‌ بۆ گه‌یشتن به‌ خۆاستی ژیرده‌ستان. مرۆڤ له‌وه‌ی كه‌ هه‌یه‌تی ڕازی نییه‌ و ژیانكردن وه‌ك ده‌وڵه‌مه‌ندان هانیده‌دات بۆ كار و تێكۆشانی زیاتر بۆ گه‌یشتن به‌ خۆشبه‌ختی و قانع و رازی بوون.
له‌ دونیای ڕۆژئاو و ئابوری بازاڕی ئازاددا له‌ حه‌سوودی و پێشبڕكی وه‌ك دوو دیارده‌ی جیاواز باس ده‌كرێت، حه‌سوودی وه‌ك دیارده‌یه‌كی نێگه‌تیڤ و پێشبڕكی وه‌ك دیارده‌یه‌كی پوزه‌تیڤ هه‌ڵده‌سه‌نگێندرێت و هانده‌درێت. له‌ حاڵێكدا حه‌سوودی ئاكامی ڕاسته‌وخۆی پێشبڕكی و به‌راووردكردنه‌. ئێستا له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی دینامیكدا ده‌ژین و دایم به‌ره‌ورووی مرۆڤ به‌ هه‌له‌مه‌رجی جیاواز ده‌بینه‌وه‌ و زۆر خیراتر كارتێكه‌ری له‌ سه‌ر گۆڕینی ژیانمان هه‌یه‌. له‌ ڕیگای میدیاوه‌ دایم وینه‌ی تازه‌ له‌ ستایلی ژیانیتر ده‌بینین و هه‌ستی حه‌سوودی له‌ ده‌روونماندا وه‌خه‌به‌ر دێت كه‌ زۆر جار ده‌بنه‌ هۆی پێشكه‌وتنمان به‌ڵام ریسكی توش بوون به‌ سترسی شێوی ژیان له‌ گه‌ڵ خۆی پـێـیـه‌ بۆمان. ده‌سكه‌وتی وڵاتانی پێشكه‌وتوو بریتین له‌ زیاد و زۆر بوونی ده‌وڵه‌مه‌ندی، ده‌ستڕه‌سی به‌ بژیوی ژیانی زۆر، زانست، كه‌ره‌سته‌ و كاڵای سه‌رفكردن، هێمنی و ئارامی و دڵنیایی فیزیكی، عومری درێژ و … به‌ڵام ئه‌م پێشكه‌وتن و ده‌سكه‌وتانه‌ هاوكات چونه‌سه‌ری سترسی ستاتوس و پله‌ وپایه‌ له‌ لای شارومه‌ندان و دڵه‌ڕاوكێ و نیگه‌رانی بۆ داهات و توانایی و كارلێهاتووی زیادتر ده‌كات.
پێشبڕكی
له‌ سه‌ره‌تادا پێشبڕكی له‌ سه‌ر پێشخستنی توانایی مرۆڤ بۆ هاوكاری یه‌كتر و به‌ بێ دژایه‌تی له‌ گه‌ڵ یه‌كتر بۆ پاراستنی جێگای و پێداویستیه‌كانی خۆی بوو، كه‌ ده‌كرێت وه‌ك كاروچالاكی مرۆڤ بۆ زیندوومانه‌وه‌ چاولێ بكرێت. ئێستا پێشبڕكی له‌ ڕاستیدا وه‌ك ره‌قیبایه‌تیه‌كی دژ به‌ یه‌كتروه‌ستانه‌وه‌ و نه‌یارێه‌تی پێناسه‌ده‌كرێت. ده‌وڵه‌مه‌ندنی له‌ كۆمه‌ڵگای پێشبڕكیدا نه‌ ته‌نیا رازیمان ناكات بڵكۆ هانده‌رمانه‌ بۆ شتومه‌ك و كاڵای زۆرتر، ستاتوس و پله‌وپایه‌ی زۆرتر و پوڵ و پاره‌ی زۆرتر.
: ده‌ڵێت Alain Botton
«ته‌نیا كاتێك پێمان وایه‌ خۆشبه‌ختین كه‌ به‌ ئه‌ندازه‌ی یا زۆرتر له‌و مروڤانه‌ی كه‌ پێكه‌وه‌ گه‌وره‌ بوین، پیكه‌وه‌ كارمان كردووه‌، دۆستمانن و له‌ گۆڕه‌پانی ره‌سمیدا خۆمان له‌ گه‌ڵیان ده‌ناسینه‌وه‌ سه‌روتمان هه‌بێت.»
 : هاوكیشه‌ یان موعادله‌یه‌كی داناوه‌ كه‌ بریتیه‌ له‌ William James
ڕێزله‌خۆنان به‌رابه‌ره‌ له‌ گه‌ڵ میزانی پێشكه‌وتن، دابه‌شكراو(ته‌قسیم) به‌ سه‌ر میزانی چاوه‌ڕوانی. یانی كاتیك میزانی چاوه‌ڕوانی ده‌ڕواته‌سه‌ر مرۆف ناچاره‌ پێشكه‌وتنی زیاتر به‌ده‌ست بێـنی تا بگات به‌ هه‌مان ئه‌ندازه‌ی پێشوو له‌ ڕێزله‌خۆنان. (ڕێزله‌خۆنان = پێشكه‌وتن | چاوه‌ڕوانی)
Richard H Smith ده‌ڵێت «ئه‌و قه‌یرانه‌ ئابوریه‌ كه‌ ساڵی ٢٠٠٨ دونیای گرته‌وه‌ ده‌كرێیت به‌ هۆی حه‌سوودی سه‌رمایه‌داره‌ ریسككه‌ره‌كانه‌وه‌ بێت چوون دیانه‌ویست له‌ شه‌رمی «ته‌نیا» میلیونه‌ربوونی دولار خۆ ڕزگار كه‌ن».
له‌ دونیایه‌كدا كه‌ هه‌موو كه‌س دوژمنی یه‌كترن، سه‌رئه‌نجام ترس ده‌بێت به‌ ته‌نیا خاڵی هاوبه‌شیان.
فـیـمـیـنـیـسم و حه‌سوودی
ژنان زۆر سوپاسگۆزاری جوڵانه‌ی ژنان له‌ سه‌د ساڵی ڕابردوودان كه‌ هه‌لومه‌رجی كار و ژیانی به‌ قازانجی ژنان له‌ كۆمه‌ڵگای پیاوسالاردا گۆڕیوه‌. جۆڵانه‌وی ژنانیش دایم له‌ گه‌ڵ خه‌بات و ململانێ تازه‌دا به‌ره‌وروو ده‌بنه‌وه‌. حسه‌وودی بردنی ژنان به‌ یه‌كتر یه‌كێك له‌ گرفته‌ گرینگه‌كانه‌ كه‌ به‌ ده‌نگی به‌رز له‌سه‌ری قسه‌وباس ناكرێت. له‌ هه‌مان كاتدا زۆر ژنی باشیش هه‌ن له‌ شوینی كار و ژیاندا به‌ دڵـئـاواڵه‌یی ته‌واوه‌وه‌ یارمه‌تی و پشتیوانی ژنانی هاوخه‌بات و هاوكاریان ئه‌ده‌ن و به‌ڕاستی به‌ پێشكه‌وتنی هاوكارانیان شادن. له‌ سه‌ر حه‌سوودی ژنان به‌یه‌كتر تئـۆری جۆراجۆر هه‌یه‌. زۆر لایه‌ن پێیانوایه‌ كه‌ له‌ وڵاتانی پێشكه‌وتوودا حه‌سوودی ناخۆی ژنان گرفت و كۆسێكی گه‌وره‌تره‌ له‌و كۆسپانه‌ی كه‌ له‌ لایه‌ن پیاوانه‌وه‌ له‌ به‌ر پێ پێشكه‌وتنی ژنان داده‌نرێت. له‌م گرفته‌ێـش به‌ ئاشكرا باس ناكرێـت.
حه‌سوودی پیاو
زۆر پێش ئه‌وه‌ پیاو بێت ناو بازاری كاره‌وه‌ پێشبـڕكی به‌شێكی ته‌بیعی و ئاساییه‌ له‌ ژیانیدا. كۆڕان له‌ كایه‌ و گه‌مه‌ی جۆراجۆردا پێشبڕكی ده‌كه‌ن ، بردنه‌وه‌ پله‌وپایه‌یان پێ ده‌دات وپێشبڕكی وه‌ك شتێكی نه‌گه‌تیڤ چاولێناگیرێت. له‌ جه‌وانیدا به‌ وه‌رزشكردن پێكه‌وه‌نانی ماسولكه‌ ده‌یانه‌وێت به‌ پله‌وپایه‌ و ده‌سه‌ڵات به‌گه‌ن و له‌ گه‌وره‌ساڵیدا به‌ ده‌ستهێنانی پوڵو پاره‌. پیاو زوو فـێـر ده‌بێت كه‌ جێگه‌وپێگه‌ و مه‌قامیك بۆخۆی په‌یدا بكات. وه‌رزش، شیركه‌تی سه‌نعه‌تی و تجاری و سیاسه‌ت سێ مه‌یدانی گرینگ و گه‌وره‌ی پیاوانه‌ بۆ پێشبڕكیكردن تـێـیاندا. حه‌سوودی وه‌ك خاڵی لاواز چاولـێـئه‌كرێت و پیاو به‌ هه‌موو جۆرێك تـێـئه‌كۆشێـت خۆی له‌و لاوازیه‌ لادات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ حه‌سوودی خۆیان وه‌ك پێشبركی و شه‌ڕی ده‌سه‌ڵات ده‌رده‌بڕن. به‌و جۆره‌ حه‌سوودی ده‌خرێـته‌ نـێو پاكه‌تێـك و قابیلی قبۆل ده‌خرێته‌ به‌رچاو. زۆر به‌ كورتی ده‌كرێت به‌وترێت كه‌ سێ شت حه‌سوودی پیاو وه‌خه‌به‌ر دێـنن، ژن، پله‌وپایه‌ له‌ كاریاردا و پوڵ.  به‌رچاوكه‌وتن و له‌ ناوه‌نددابوون بۆ ڕاكێشانی سه‌رنجی خه‌ڵك بۆ لای خۆ زۆر لای پیاو گرینگی هه‌یه‌. پیاو سه‌رنج ده‌دات بزانێـت چی له‌ لای كه‌سیتر باش پـێـش ده‌چێـت و تـێـئه‌كۆشێت وه‌ك ئه‌وان بكات و له‌وانیش پێـش كه‌وێت. به‌م شێوه‌یه‌ حه‌سوودی ده‌بێت به‌ هانده‌ر بۆ پێشبڕكێ به‌تایبه‌ت كاتێك كه‌ پێیان وابێت كه‌ شانسی سه‌ركه‌وتن هه‌یه‌. كاتێك كه‌ گه‌یشتن و به‌ده‌ستهێـنانی سه‌ركه‌وتنی وه‌ك كه‌سیترغیره‌ مومكین به‌ نه‌زه‌ر بگات به‌رچه‌سپی خراپ به‌و كه‌سه‌وه‌ وا به‌خیلیی پێ ده‌برێت ده‌چه‌سپێنن و به‌ شێوه‌ی جۆراجۆر به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ و ره‌تكردنه‌وی لایه‌نی سه‌ركه‌توو ده‌ست پێ ئه‌كات تا دۆڕاوی  خۆیان هه‌ست پـێـنه‌كه‌ن و وابنوێـنن كه‌ ئه‌وان له‌ ئاست و جـێگایه‌كیـتردا كایه‌ ده‌كه‌ن.  پیاو له‌ هه‌ست و ئاكامی ده‌سه‌ڵات له‌زه‌ت ده‌بات. ده‌سه‌ڵاتدار بوونیش كه‌وتنه‌ به‌ر به‌خیلیی پـێـبردنی خه‌ڵكیتره‌ له‌ گه‌ڵ خۆی دێـنـێـت.
ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت، چۆن له‌ حه‌سوودی ڕزگارمان ده‌بێت!
كێ حه‌سوود ده‌بێت و كێ حه‌سوود نابێت؟ هه‌موو كه‌س كه‌م یان زۆر به‌ جۆرێك حه‌سوودی ته‌جروبه‌ كردووه‌. چی ده‌بێـته‌ هۆی ئه‌وه‌ هه‌ندێك كه‌س وا به‌ تووندی و به‌ قورسی تـێوه‌ده‌گلـێن؟ حه‌سوودی له‌وانه‌یه‌ ئه‌و هه‌سته‌ بێت كه‌ ئێمه‌ كه‌متر ده‌مانه‌وێت پـێوه‌بناسرێـنه‌وه‌ هه‌ر بۆیه‌ زۆر دژواره‌ كه‌ لێی بكۆڵینه‌وه‌. كه‌سی حه‌سوود زۆره‌، به‌ڵام به‌ خۆیان نازانن كه‌ بوون به‌ قوربانی حه‌سوودی. بۆ زۆربه‌ی خه‌ڵك حه‌سوودی شتـێـك نیـیه‌ كه‌ زۆر بیری لێ به‌كه‌نه‌وه‌، بۆ كه‌سانێـكیـتر هـێـزێكی پاڵپـێوه‌نه‌ری ڕه‌شی بنكه‌وتووه‌ كه‌ به‌جۆرێك له‌ گه‌ڵی ده‌به‌نه‌سه‌ر، بۆ كه‌سانـێكیـش ده‌بـێـته‌ هۆی ئه‌شكه‌نجه‌ی دایمی له‌ ده‌روونیاندا. به‌رده‌وام خۆیان به‌ پێشكه‌وتنی كه‌سیتر ئازار ده‌ده‌ن و هه‌ست به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ناهه‌قیان لێكراوه‌. ئایا ده‌كرێت به‌ هۆی حه‌سوودی ده‌ورانی منداڵیه‌وه‌ ئه‌و جۆره‌ كه‌سانه‌ هه‌ست به‌ زوڵملـێچوون و ناهه‌قی بكه‌ن؟ یان به‌ هۆی هه‌ستی ماندوویی نه‌ناسی پێشبڕكی ده‌رونیان بۆ پێش هه‌موو كه‌س كه‌وتن سه‌رچاوه‌ بگرێت؟ یان به‌ هۆی ئه‌وه‌ۆ بێت كه‌ له‌ سه‌ره‌تای ژیانیاندا به‌ جۆری پێویست موحه‌به‌ت و خۆشه‌ویستیان پێ نه‌بخشرابێت و به‌رچاو نه‌بووبن كه‌ بووه‌ته‌ هۆی ناره‌زایه‌تیكی به‌رده‌وام و پێـیان وابێـت كه‌ خه‌ڵكیتر زیاتر یارمه‌تیدروان و ژیانیان باشتر و خۆشتره‌؟

ئه‌گه‌ر پێمانوابێت كه‌ توانایی ئه‌وه‌مان هه‌یه‌ كه‌ ئاره‌زووكانمان بێـنـیـنه‌دی و پرۆژه‌كانمان جێبه‌جێ بكه‌ین له‌ داوی حه‌سوودی نێگه‌تیڤ ناكه‌وین. كه‌سانێك كه‌ باوڕیان به‌ خۆیان هه‌یه‌ و ده‌توانن وه‌ك ئه‌و كه‌سانه‌ی وا خۆیان له‌ گه‌ڵیان به‌راوورد ده‌كه‌ن ئه‌وی ده‌یانهه‌وێت به‌ ئه‌نجامی بگه‌یه‌نن، ئاسانتر ده‌توانن له‌ گه‌ڵ هه‌ستی حه‌سوودی خۆیان مامه‌ڵه‌ بكه‌ن. به‌ڵام كه‌سانێك كه‌ هه‌ست ده‌كه‌ن له‌ كاریاریاندا به‌ بنبه‌ست گه‌یشتوون و نه‌یانتوانیوه‌ خه‌ونه‌كانی خۆیان بێننه‌دی ریسكی ئه‌وه‌ی بكه‌ونه‌ گه‌ردوونه‌ی حه‌سوودی زیاتـره‌. حه‌سوودی ده‌كرێت وه‌ك پاراستن و به‌رگری له‌ خۆ، بۆ ته‌وجیه كردنو دڵخۆشی خـۆدانه‌وه‌ له‌ به‌رابه‌ر به‌ڕاستی و به‌ جیددی تـێـهه‌ڵ نــــه‌چوون بۆ وه‌دیهـێـنانی خه‌ون و ئاره‌زووكانی ژیان به‌ كار بهـێـنـرێت. چوون حه‌سوودی به‌ خه‌ڵك بردن له‌ ترسودڵه‌ڕاوكێ سه‌رنــه‌كه‌وتن بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی پـێداویستیه‌ گرینگه‌كانی ژیان زۆر ئاسانتره‌ . باوڕبه‌خۆ نه‌بوون ده‌بـێـته‌ هۆی دوچاربوونی مرۆڤ به‌ به‌راووردكردنی زیاتری خۆێ له‌ گه‌ڵ خه‌لكی ده‌ورووبه‌ر و زه‌مینه‌خۆشكه‌ری حه‌سوودی، شه‌رم به‌خۆكردن، خه‌مخواردن به‌ لێـنه‌هاتوویی و بێـنرخی و بنكه‌وتنیخۆ و ئه‌فسورده‌گی. ئاكامی ئه‌و جۆره‌ هه‌ستانه‌ش له‌ كاری هاوبه‌ش و ڕێكخراوه‌ییدا ده‌بێت به‌ ته‌گه‌ره‌ خستنی به‌رپێ ئه‌و كه‌سانه‌ حه‌سوودیان پێ ده‌برێت، دیاره‌ به‌ شێوه‌یه‌كی شاراوه‌ و به‌ ده‌لیل و بورهانی «عه‌قلانیه‌وه‌».
هه‌ستی خاوه‌نماف و به‌رحه‌ق بوون
به‌خێوكردنی منداڵ له‌ لایه‌ن بنه‌ماڵه‌وه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای ژیانه‌وه‌ ده‌بێته‌ هۆی دروستبوونی هه‌ستی پۆزه‌تیڤی حه‌قی كه‌وتنه‌ ژێرچاوه‌دێـری و ئاگالێـبوون له‌ ناو كه‌سایه‌تی تاكدا. كه‌مكه‌م فێر ده‌بین بۆ به‌ده‌ستهێـنانی پێداویستی و بژیوی ژیان ده‌بی تـێـبكۆشین و زه‌حمه‌ت به‌ خۆمان بده‌ێـن. هه‌ندێكه‌س ئه‌و هه‌سته‌ لایان دروست ده‌بـێـت كه‌ به‌ بێ زه‌حمه‌تی زۆر هه‌ر وه‌ك ده‌ورانی منداڵی ده‌بێ خزمه‌ت بكرێـن.  مرۆڤ به‌ بێ هه‌وڵ و تێكۆشانی زۆر ناگات به‌و پله‌وپایه‌ و یا به‌رزنرخاندنی له‌ لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ كه‌ ئاره‌زۆی ده‌كات له‌ ژیانیدا. كاتـێك هه‌ستـێكی تـێكه‌ڵ له‌ به‌رحه‌قبوون ومافداری له‌ لایه‌ك و كه‌م بووونی ئومێدوهیوا به‌وه‌ی كه‌ خۆی توانایی ئه‌وه‌ی هه‌بی كه‌ پێداویستیه‌ گرینگه‌ مادی و مه‌عنه‌ویه‌كانی ژیانی كه‌ حه‌زی لێیه‌تی فه‌راهه‌م بكات له‌ لایه‌كیتر تێكه‌ڵ ده‌بن زه‌مینه‌ بۆ حه‌سوودی رۆخێـنه‌ر سازده‌بێت. هۆی سه‌رنه‌كه‌وتن و مورتاح نه‌بوونی خۆمان له‌ سه‌ر شانی خه‌ڵكیـتر دائه‌نێـن. هه‌ستی ناهه‌قی و بێـدادی له‌ ناخماندا ریشه‌ ده‌كوتـێت و مه‌یل و گه‌رایش به‌ ئاوه‌ژوو دیتنی دونیا، كه‌ له‌وانه‌یه‌ هه‌ست به‌ سووكایه‌تی بكه‌ێن، هه‌ڵمانـلووشێـت. حه‌سوودی به‌ نۆبه‌ی خۆی سوته‌مه‌نی ده‌دات به‌ هه‌ستی به‌ ناهه‌ق مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵكراو و سووكچاولـێكراو، چوون سه‌ركه‌وتنی خه‌ڵكیتر بوه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ هه‌ست به‌ به‌دبه‌ختی بكه‌ێن. وه‌ك حه‌ز و ئاره‌زوو مافی هه‌موو مرۆڤێكه‌ ژیانێكی دادوه‌رانه‌ و نیسبه‌ته‌ن به‌رابه‌ر. به‌ڵام هیچ نیشانه‌یه‌ك له‌وه‌ی كه‌ ژیان عادڵانه‌ ده‌ستپێ ئه‌كات و ته‌واو ده‌بێت به‌رچاو نه‌كه‌وتووه‌ و تا داهاتویه‌كی نادیار به‌رچاوناكه‌وێت. له‌ ماوه‌ی كورتی ژیاندا به‌ كونتڕۆڵ كردنی حه‌سوودی خۆمان ده‌كرێت ژیان ئه‌و جۆره‌ی كه‌ هه‌لومه‌رجی كۆمه‌ڵایه‌تی و … پێمانده‌دات نه‌ ته‌نیا ناخۆشتر نه‌كه‌ێن به‌پێچه‌وانه‌ تا ڕاده‌ی مومكین باشتر و خۆشتری بكه‌ێن.
كینه‌ و رقی ده‌روون
به‌خیلیی قووڵ واده‌كات ویستی له‌ناوبردنی ئه‌وه‌ی خه‌ڵكیتر هه‌یانه‌ و یا ده‌یانبێت له‌ ناخماندا بڕوێت.
توانایی خه‌م خواردن بۆ ئه‌و شت و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی كه‌ نیمانه‌ و توانایی سوپاسمه‌ند بوون بۆ ئه‌و شت و تایبه‌تمه‌ندیانه‌ی كه‌ هه‌مانه‌ شێوه‌یه‌كی گرینگه‌ بۆ پاراستنی خۆ له‌ گرفتار بوون به‌ هه‌ستی رۆخێنه‌ری حه‌سوودی. كه‌سانێك كه‌ هه‌ست ده‌كه‌ن به‌ هۆی وردوژیر نه‌بوونه‌وه‌ خراپ له‌ گه‌ڵیان ره‌فتار ده‌كرێت و رق و تووڕه‌یی به‌رانبه‌ر به‌ ناحه‌قیه‌كانی ژیان له‌ ده‌روونیاندایه‌ سه‌رهه‌ڵده‌دات، ناڕازی ده‌بن و ریسكی كه‌وتنه‌ داوی حه‌سوودیان زۆره‌. حه‌سوودی بردنی قووڵ وه‌ك ئه‌وه‌ دێته‌ پێش چاو كه‌ منداڵێكی شكێندراو و سووكایه‌تی پێكراو له‌ ناخی مروڤێكی گه‌وره‌دا توڕه‌یی خۆی له‌و رفتاره‌ رۆخێنه‌ر، به‌رانبه‌ر به‌ كه‌سێك كه‌ حه‌سوودی پێ ئكات ده‌رده‌بڕێت و تۆڵه‌ی گرفت و سه‌ختیه‌كانی ژیانی خۆی له‌و كه‌س یا كه‌سانه‌ ده‌كاته‌وه‌.
توانایی ڕازی و قانع بوون
هیچ له‌وه‌ گرینگـتر نییه‌ كه‌ له‌ ناختدا به‌وه‌ بگه‌ێ كه‌ به‌ ژیان دڵخۆش بێت و رازی بیت به‌وه‌ی كه‌ هه‌ته‌ و به‌وه‌ی كه‌ ده‌تـوانـیـت به‌ده‌سـتـیان بێـنی. به‌ڵام وابه‌ئاسانی نییه‌ گه‌یشتن به‌و قه‌ناعه‌ته‌. چی ده‌توانێت مرۆڤ والێ بكات كه‌ هه‌ست به‌ رازیبوون و سوپاسمه‌ند بوون له‌ لای دروست ببێت؟ به‌ ئیحتیمالی زۆر ڕیشه‌ی ئه‌مه‌ له‌ ده‌ورانی منداڵـیدایـه‌، ئه‌گه‌ر ئاگایان لێ بووبێـت و پـێداویسـتـیه‌كانی ته‌ئمـین كرابـێـت، هه‌ست به‌ تواناییه‌كانی خۆ و ئه‌من ئارامیـیه‌ك له‌ ده‌روونیـدا دروست ده‌بـێـت و له‌و فرسه‌تانه‌ی ژیان ده‌ێـداتی بۆ خۆشی و چێژ له‌ ژیان وه‌رگرتن كه‌ڵك وه‌رئه‌گرێت. توانایی ئه‌وی كه‌ قبوڵكرێت له‌وانه‌یه‌ هه‌موو شتـێك وه‌رنه‌گریت و نه‌توانی ببـیـت به‌ سه‌ركه‌وتووترین كه‌سی دونیا ده‌ورێكی سه‌ركه‌ی ده‌گـێـڕێـت. كاتێك مرۆڤ له‌ خۆی رازی بێت، ته‌نانه‌ت كاتێك كه‌ له‌ هه‌موو بوارێـكدا ته‌واو و بێخه‌وش نییه‌، زۆر ئاسانتر ده‌توانێت له‌ فیكر و بیری ڕوخێنه‌ری حه‌سوودی خۆ لابدات. ئه‌گه‌ر له‌ منداڵیدا فێری ئه‌وه‌ كرابین كه‌ پێویست ناكات له‌ هه‌موو شتـێـكدا وه‌ك براوخوشكه‌كانمان و كه‌سانی نزیكمان بین تا لای دایكوباوكمان و خزم و دۆستان خۆشه‌ویست بین، و ده‌ربڕینی هه‌ستی خۆشه‌ویستی دایكوباوك و كه‌سوكار شێوه‌ی جۆراجۆری هه‌یه‌، بناخه‌یه‌كی باش و پته‌ومان ده‌بـێت كه‌ له‌ سه‌ری ڕاوه‌ستین.
ته‌حه‌مه‌ل كردنی جیاوازیه‌كان
تایبه‌تمه‌ندیه‌كی گرینگ بۆ ڕاوستان له‌ به‌رانبه‌ر حه‌سوودیدا توانایی ته‌حه‌مولی جیاوازیه‌كانه‌. ئه‌گه‌ر پێویستمان به‌ عه‌داله‌تی به‌ مـیـلـیـمـتـر نه‌بێت و پـێمانوابـێـت كه‌ مرۆڤه‌كان هه‌لومه‌رجی جیاوازیان هه‌یه‌، شانس و ئیمكانی زۆرترمان ده‌بێت له‌ خۆمان و ژیانمان رازی بین و به‌ پێشكه‌وتنی خه‌ڵكیتر خۆشحال بین به‌ بێ ئه‌وه‌ی بكه‌وینه‌ داوێـنی حه‌سوودی و كه‌م ڕێـزی بۆ خۆمان. له‌وانه‌یه‌ پێویست نه‌كات دایم خۆمان له‌ گه‌ڵ كه‌سیتر به‌راورد بكه‌ێـن، به‌ڵكو ده‌توانین به‌راووردێـكی ده‌روونی له‌ گه‌ڵ خۆمان بكه‌ێن.
كراوه‌بوون و ئـاشكرابـێـژی، حه‌سوودی ده‌كات به‌ هێـزێكی پوزه‌تیڤ و پاڵـپـێـوه‌نه‌ر
حه‌سوودی هه‌ستێكی ده‌ردهاوه‌ر و ناخۆشه‌ و زۆر كه‌س پێـیان خۆشه‌ حه‌سوودی بردن له‌ خۆیان دووربه‌خه‌نه‌وه‌ هه‌ر چه‌ند ئه‌وه‌ به‌و مانایه‌ نیـیه‌ كه‌ حه‌سوودی له‌ به‌ێــنده‌چێت، به‌پـێچه‌وانه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌رمان هه‌یه‌ به‌ بێ ئه‌وه‌ كونـترۆڵمان له‌ سه‌ری هه‌بێ. حه‌سوودی خۆی له‌ جلوبه‌رگی هه‌ستـیـتـروه‌ ئه‌پـێـچـێـت. ئاساییترین و باوترینی ئه‌و جلـوبه‌رگانه‌ وانیشاندانه‌ كه‌ به‌ هـۆی ناهه‌قـیكردنه‌وه‌ له‌ كه‌سێـك تووڕه‌ێـن. كاتـێـك تـێـئـه‌كۆشین كه‌ حه‌سوودیمان داشارین و یا وه‌ك شـتـێـكی عه‌قلانی و به‌رحه‌ق بـێـخـێـنـه‌ به‌رچاو، دواتر له‌ دۆخی جۆراجۆری ژیاندا به‌رۆكمان ده‌گرێت گرفتارمان ده‌كات. بۆیه‌ زۆر باشتـره‌ كه‌ كاتـێـك هه‌ستی حه‌سوودیمان روو له‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌ له‌ ناخماندا بـیسه‌لمـێـنـیـن و ددانی پیا نـێـن. كاتێك مرۆڤ خاوه‌نداری له‌ حه‌سوودی خۆی بكات ئاسانـتر ده‌توانـێـت سنوورداری بكات و له‌ سه‌ر وه‌زعه‌كه‌ بیر بكاته‌وه‌. له‌ باشتری حاڵه‌تـدا ده‌كرێـت حه‌سوودیه‌كه‌ وه‌ك فاكتۆریكی هـۆبـۆدۆزینه‌وه‌ به‌كار بهێـنـرێـت بـۆ هه‌مواركردنی دۆخه‌كه‌ و كه‌م كردنه‌وه‌ی باری رووخێـنه‌ری حه‌سوودی، به‌ ته‌نیا یان به‌ یارمه‌تی كه‌سی لێزان و پسپۆڕ.  كراوه‌ و ئاشكرا له‌ سه‌ر حه‌سوودی قسه‌كردن، حه‌سوودیه‌كه‌ ده‌كات به‌ هێزێكی نـــایـــابـــی پاڵـپـێـونه‌ر بۆ به‌جۆش وخرۆش كه‌وتن بۆ تاقـیكردنـه‌وه‌ی شتی تازه‌ و زیاتر له‌ ژیاندا. كه‌سێك كه‌ ئیجازه‌ به‌ خۆی بدات به‌ ئاشكرا باسی هه‌ستی حه‌سودی خۆی بكات هه‌لومه‌رجـێكی باشتر بۆ خۆی ئه‌ڕه‌خسێـنـێـت كه‌ ئه‌و هه‌سته‌ وه‌ك هـێـزیكی هه‌ڵخرێـنه‌ر بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی ئه‌و شتانه‌ی كه‌سیتر وا حه‌زی لێیه‌ به‌ كار بێنێت، كه‌ ده‌بێته‌ هۆی رووداوی باش بۆ به‌دیهێـنانی خۆ و له‌ ئاكامدا حه‌سوودی بردن لای كه‌مده‌بـێـته‌وه‌ یا ته‌واو ده‌بێت. به‌ قه‌ولی په‌ندێك : « حه‌سوودی سادیـقـانـه‌تـریـن و ڕاستگۆیانه‌تـرین شێوه‌ی قـبوڵكردن و ددانـپـیـانـانـه‌».
حه‌سوودی چۆن خۆی نیشان ده‌دات
به‌ قه‌ولی Else-Brit Kjellqvist «هه‌ركات دوای وتوێژێك له‌ گه‌ڵ كه‌سێكیتر هه‌ستت به‌ كه‌م بوون ، له‌كه‌داربوون، وشكبوون، په‌رێشان بوون، تووڕه‌بوون، سه‌رلێشێواوبوون، بارگرانبوون، مات ودڵگیراوبوون، تێكچوون و كه‌وتنه‌روو وله‌ قاودراو بوونت كرد و ده‌ته‌وێت بزانی چ قه‌وماو له‌وانه‌یه‌ به‌ سه‌می حه‌سوودی ژه‌هراوی بووبیت. »
چۆن مامه‌ڵه‌ له‌ گه‌ڵ حه‌سوودی خۆمان ده‌كه‌ێن؟
چوون نۆرمێك هه‌یه‌ كه‌ پێمان ده‌ڵێت نابێ حه‌سوودی به‌كه‌ێن، به‌زۆریی حه‌سوودی خۆمان وا ئه‌پێچینه‌وه‌ و له‌پاكه‌تی ئه‌گرین كه‌ لێ تـێگه‌یشـثـنی هـۆی حه‌سوودیه‌كه‌ له‌ كۆڵخۆمان به‌كـێـنه‌وه‌ و یان له‌ پشت شتگه‌لـێكی به‌ ڕواله‌ت عه‌قلانییه‌وه‌ ده‌یانشارینه‌وه‌ و له‌ گیروگرفت و خه‌تا له‌و كه‌سه‌دا كه‌ حه‌سوودی پێـده‌به‌ێـن ده‌گه‌ڕین. بۆ ئه‌و شاردنه‌وه‌یه‌ پێـویسته‌ خۆمان «تــێگه‌یشـتوو و باهـۆش» پـێـناسه‌ به‌كه‌ێن. ئه‌سته‌مه‌ خۆمان ددان به‌ حه‌سوودی بردنی خۆماندا بنێـن. هه‌ندێـك كه‌س به‌ خۆ دوورڕاگرتن و چوونه‌ ناو دونیای خۆیان و خۆ له‌ پێشبڕكێ و ره‌قابه‌ت نه‌دان حه‌سوودی خۆیان چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ن. زۆر كه‌سیش به‌ بیر و بۆچوونی وه‌ك كه‌ ژیان له‌ كونتڕۆڵی به‌خت و چاره‌نووس دایه به‌رگری له‌ خۆیان ده‌كه‌ن و دڵخۆشی خۆیان ده‌ده‌نه‌وه‌ وبه‌و شـێوه‌یه‌ جیاوزیه‌كان له‌ پله‌ و پایه‌ی جۆراجۆر، هه‌بوونی سه‌روه‌ت و سامان و سه‌ركه‌وتنه‌كانی خه‌ڵكیتر بۆ خۆیان ته‌وجیه ده‌كه‌ن. «چاره‌نووس» به‌و شـێوه‌یه‌ ده‌توانێت یارمه‌تی كه‌سانێك بدات كه‌ حه‌سوودی و پێـناخۆش بوونی خۆیان له‌ سه‌ركه‌وتنی كه‌سانی ده‌ورووبه‌ری خۆیان كه‌م و ئه‌هوه‌ن به‌كه‌نه‌وه‌. خه‌ڵك تا ئێـستا توانیویانه‌ زۆر جار مه‌زهه‌ب بۆ دڵداردانه‌وه‌ی خۆیان به‌ كار بێنن. (جگه‌ له‌و وه‌ختانه‌ی وا مه‌زهه‌ب تێكڵاوی سیاسه‌ت بۆ به‌ده‌ست هێنانی ده‌سه‌ڵات كراوه‌). كه‌موكۆڕی و ناهه‌قی و جیاوازیه‌كانی ئێستا به‌ ژیانی خۆشی دوای مه‌رگ قه‌ره‌بوو ده‌كرێته‌وه‌. مه‌زهه‌ب به‌ داواكردنی له‌ پێڕه‌وانی كه‌ ساده‌ و بێ ته‌ماع بژین هه‌ستی حه‌سوودی لای پێڕه‌وانی كه‌م ده‌كاته‌وه‌. ئه‌م كاردانه‌ویه‌ی مه‌زهه‌ب له‌ سه‌ر هه‌ندێك مروڤی خاوه‌نباوڕ زۆر له‌وه‌ دووره‌ كه‌ بتوانین بڵێن هه‌ركه‌س خاوه‌نباوڕ بێت حه‌سوود نییه‌ و كه‌م ته‌ماعه‌.
ئه‌ڵترناتیڤك به‌جێگای خۆدڵخۆشكردن به‌و شتانه‌ تـێگه‌یشتن و قبوڵكردنی ئه‌ویه‌ كه‌ ژیان هه‌ر له‌ ڕۆژی ئه‌وه‌ڵه‌وه‌ دادوه‌رانه‌ و عادڵانه‌ نیـیه وهه‌رمرۆڤـێك له‌ ژیانیدا به‌ پێ جێگه‌وپێگه‌ی ئابووری-كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی، كولتوری، میرات و ژنه‌تیك و... خۆی خه‌بات و ململانێ جیاوازیان له‌ به‌رده‌مدایه‌. مۆدێلیكی كۆمه‌ڵایه‌ته‌ی (كومونیستی) تا ئێستا له‌ تئوریدا ناسراوه‌ كه‌ له‌و كۆمه‌ڵگایه‌كدا هه‌موو سه‌روه‌ت و سامان له‌ نێوان مروڤه‌كاند وه‌ك یه‌ك به‌شده‌كرێت. له‌ ئیداره‌ی هاوبه‌شی كارخانه‌یه‌ك له‌ وڵاتی سپانیا له‌ لایه‌ن كرێكارانه‌وه‌ و یان كشتوكاڵی هاوبه‌ش (Kibbutz) له‌ وه‌ڵاتی ئیسرائیل نیشاندراوه‌ كه‌ كێشه‌ی حه‌سوودی له‌ به‌ین نه‌چووه‌. هه‌ر چه‌ند جیاوازی له‌ خاوه‌نداری كه‌لوپه‌ل له‌ نێوان مروڤه‌كاندا كه‌مكراوه‌تـه‌وه‌ به‌ڵام زۆر شتیتر وه‌ك ژماره‌ی منداڵ، ده‌نگخۆشی، جوانی، میزانی هۆش و تێگه‌یشتن له‌ گیروگرفته‌ كۆمه‌ڵایه‌تی، ئابوری، سیاسیه‌كان، زیره‌ك بوون له‌ ده‌رسخوێندن، قسه‌خۆشی، خۆشه‌ویست بوون لای خه‌ڵك، موسیقا و زۆر شتیتر هه‌ن كه‌ ده‌بنه‌ هـۆی وه‌خه‌به‌رهێنانی هه‌ستی حه‌سوودی له‌ ناخی مرۆڤدا.
به‌رپرسایه‌تی به‌ئه‌ستۆگرتنی حه‌سوودی
له‌ دێتنی حه‌سوودی كه‌سیتردا زیره‌كین، دیتنی هه‌ستی حه‌سوودی خۆمان نیشانه‌ی ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌یه‌كی سازه‌نده‌یه‌ كه‌ مه‌رجی به‌رپرسایه‌تی بۆ ئه‌و هه‌سته‌ و ئیمكانی گۆڕینی بۆ هێزیكی پوزه‌تیڤمان پێ ده‌دات. كاتێك «خاوه‌نداری» له‌ حه‌سوودی خۆمان ده‌كه‌ێن ده‌توانین له‌ سه‌ر ئه‌و زانیاریه‌ی كه‌ ئه‌و هه‌سته‌ پێمانده‌دات بیر بكـێـنه‌وه‌ وبه‌دوای وه‌ڵامی ئه‌ودا بگه‌ڕین كه‌ چی له‌ ژیانماندا پێویسته‌ بگۆڕدێت؟
هۆی وه‌خه‌به‌رهاتنی هه‌ستی حه‌سوودی لای هه‌موومان یه‌ك شت نییه‌. له‌ جێخۆێدایه‌ كه‌ خاڵه‌ لاوازه‌كان بدۆزرێنه‌وه‌. حه‌سوودی به‌ چی و به‌ چ كه‌سانێك ده‌به‌ێـن، كه‌سانی ده‌وڵه‌مه‌ند، سه‌ركه‌وتوو له‌ كاریار و كاروپیشه‌، قسه‌خۆش، خۆشتیپ، كه‌سانێك كه‌ دۆست و ره‌فیقیان زۆره‌، كه‌سێك كه‌ شه‌ریكژیانێكی باشی هه‌یه‌، كه‌سێكی سه‌ره‌نجڕاكیش و به‌ توانا؟ ئه‌و كه‌س و تایبه‌تمه‌نیه‌ كه‌ حه‌سوودی پێده‌برێت نیشانه‌یه‌كی باشه‌ بۆ دیتنه‌وه‌ی ئه‌و شت و كه‌سایه‌تیه‌ كه‌ لامان به‌نرخن و ڕێزدارن له‌لامان. ئایا ریسكی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وێ خۆمان كه‌مترهه‌ست به‌ ناخۆشی بكه‌ێن كه‌سیتربه‌خێنه‌ ژێر فشاره‌وه‌؟ فێركردنی خۆ كه‌ سه‌ركه‌وتنی كه‌سیتر له‌ ئێمه‌ كه‌م ناكاته‌وه‌ و دیتـنی پێشكه‌وتنه‌كانی خۆ واده‌كات كه‌ به‌ ئاسانی له‌ داوی حه‌سوودی نه‌كه‌وین. دێتـنی گیروگره‌فته‌كانی كار و ژیانی ئه‌و كه‌سانانه‌ی كه‌ حه‌سوودیان پێده‌برێت یارمه‌تیمان ده‌دات.
قبووڵكردنی جیاوازیه‌كان و ئیجازه‌ نه‌دان كه‌ پێشكه‌وتن و سامانی كه‌سیتر شادی و ڕازیبوون به‌وه‌ی كه‌ ژیانی خۆمان له‌ ئیختیاری ناوین و خۆمان له‌ گه‌ڵ ژیانی خۆمان به‌راورد بكه‌ێن به‌جێگای به‌راووردكردن له‌ گه‌ڵ كه‌سیتر هه‌نگاوێكی به‌نرخه‌. به‌ له‌ به‌رچاوگرتنی مه‌رجگه‌لێك كه‌ له‌ ژیاندا بۆمان هه‌ڵكه‌وتووه‌، ئه‌گه‌ر چاو له‌وه‌ بكرێت كه‌ تا ئێستا له‌ ژیاندا چیمان پێكهێناوه‌ له‌وانه‌یه‌ زۆریش نارازی نه‌بین. هه‌مووكه‌س نایانـه‌وێـت و پـێویسـتیـان به‌وه‌ نـیـیه‌ بـبن به‌ سه‌روك كۆمار، سه‌روك وه‌زیر، سه‌روك حیزب، ئاكـتری ناسراووناوداری سینه‌ما، ره‌ئیسی كارخانه‌ و شیركه‌تی گه‌وره‌وناسراو. بۆ زۆر كه‌س ئه‌ونده‌ به‌سه‌ كه‌ كاریان به‌ باشی به‌ ئه‌نجام بگه‌یه‌نن و له‌ بنه‌ماڵه، دۆستان و ژیانی خۆ له‌زه‌ت به‌ری.
پێویسته‌ شاد بوون به‌ كار وئه‌و شته‌ چكۆلانه‌ی كه‌ له‌ ژیانماندا به‌ده‌ستمان هێناوه‌ مه‌ودای زۆرتری پێبدرێت. دیـتـن، فورموله‌كردن و ده‌ربـڕینی خۆاستوویستی تاكه‌ كه‌س له‌ ناو كۆڕوكۆمه‌ڵ و ریكخراوه‌دا و فه‌راهه‌م كردنی مه‌ودا بۆ به‌ ئه‌نجام گه‌یاندنیان ویستی تاكه‌كان كاری هاوبه‌شیش ئاسنتر و پته‌وتر ده‌كات.  
ده‌كرێت پـێـدابوونی هه‌ستی حه‌سوودی وه‌ك نیشانه‌یه‌ك بۆ ئاره‌زوو و تاسه‌ چاو لێبكرێت و به‌ شێوه‌یه‌كی پوزه‌تیڤ وه‌ك پاڵپێوه‌نه‌رێك بۆ وه‌گه‌ڕخستنی هێزبۆ ده‌ستبه‌ركردنی و هێنانه‌دی ئاره‌زووه‌كان به‌كار بهێنرێت.
به‌ كاركردن له‌ سه‌ر ڕێزله‌خۆنان له‌ خۆتێگه‌یشتن ده‌كرێت به‌رپه‌رچی حه‌سوودی بدرێته‌وه‌ و دڵخۆش بین به‌وه‌ی كه‌ هه‌ین.
ئورهان پاموك (Orhan Pamuk) نووسه‌ری تورك و وه‌رگری خه‌ڵاتی نۆبل له‌ ئه‌ده‌بیات ده‌ڵێ: «گرینگترین شت كه‌ ده‌بی ئه‌ده‌بیات به‌ده‌ربه‌ست و به‌په‌رۆش بێت بۆی لێكۆڵینه‌وه‌ و خستنه‌به‌رباسی ترسه‌كانی مرۆڤایه‌تییه‌، ترس له‌ كه‌وتنه‌ په‌راوێزوو و خۆپـێـكه‌مبوون و ...».
زۆر جار حه‌سوودی وادكات كه‌ مرۆڤ كیشه‌وگرفته‌كان له‌ ده‌ره‌وه‌ی خۆی بـبـیـنـێـت و به‌جۆرێكی رووخێنه‌ر پێشكه‌وتنی كه‌سیتر بكات به‌ سه‌به‌بی هه‌ستی رق و تووڕه‌یی و خۆبه‌كه‌مزانین. سه‌ركه‌وتن و خۆشبه‌ختی كه‌سیتر ڕیگا له‌ پێشكه‌وتنی كه‌س ناگرێت.
ستایش به‌ جێگای سوكایه‌تی پێكردن
نوسه‌ر و ده‌روونناس Eva Sanner ده‌ڵێت: «ستایشی ئه‌و كه‌سه‌ بكه‌ كه‌ حه‌سووی پێ ئه‌به‌ی». «ئه‌گه‌ره حه‌سوودی به‌ داهێنه‌ری و خولقێنه‌ری و جه‌ره‌یانی ره‌وان و رۆشنی بیر و هۆشی كه‌سێك ده‌به‌ێـت، توانایی و لێهاتوویی ئه‌و كه‌سه‌ قبوڵ به‌كه‌ و بێسه‌لمێنه‌ و كاردانه‌وی خۆت وه‌ك نیشانه‌ی ئه‌وه‌ چاو لێـبكه‌ كه‌ خۆتیش ده‌ته‌وێـت وه‌ك ئه‌و بێت».
ژیان زۆر خۆشتر ده‌بێت كاتێك مرۆڤ له‌ ئاست پێشكه‌وتنی خه‌ڵكیتر ده‌ستودڵباز بێت.
هه‌ست به‌ بن كه‌وتن و قوربانی بوون له‌وانه‌یه‌ ره‌حه‌ت و كه‌م دردیسه‌ر بێت به‌ڵام له‌ درێژخایه‌ندا زۆر رۆخێنه‌ره‌. ئایا ئێمه‌ش به‌ قه‌د فڵان كه‌س یان لایه‌ن و ڕێكخراوه‌ چالاكی و تێكۆشانمان كردووه‌؟ هێچ هۆیه‌ك هه‌یه‌ كه‌ هه‌ست به‌ غرور و سه‌ربه‌رزی به‌كه‌م سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ به‌ ئه‌ندازه‌ی فڵانی پێش نه‌چووم؟
هێزیكی باش و به‌كار له‌ به‌رابه‌ر حه‌سودیدا سوپاسمه‌ند بوونه‌ بۆ ژیان به‌ گشتی و بۆ ئه‌وی هه‌مانه‌ به‌ تایبه‌تی(هه‌ر چه‌ند له‌ باری مادیشه‌وه‌ ده‌وڵه‌مه‌ند نه‌بین) به‌ له‌ به‌رچاو گرتنی ئه‌و ئیمكان و هه‌لانه‌ی ژیان تا ئێستا پێ داوین. سـوپـاسـمـه‌نـد بـوون هێزمان ئـازاد ده‌كات بۆ وه‌گه‌ڕخستن و تێكۆشانی زیاتر و سه‌ركه‌وتووتر.
به‌ جێگای داپۆشاندنی هه‌ستی حه‌سوودی له‌ بن وشه‌ و ره‌سته‌ی «عه‌قلانی» دا باش وایه‌ ئه‌و پێـداویـسـتـیـه‌ وا هه‌سته‌كه‌ له‌ لامان دروست ده‌كات بدۆزینه‌وه‌. پێویستمان به‌ بۆسه‌لماندن، لێ تێگه‌یشتن، خه‌مخۆری و هاوده‌ردی له‌ لایه‌ن ده‌وروبه‌رمانه‌وه‌ هه‌یه‌؟ ئارزوو ده‌كه‌ێن كه‌ توانایی و زرنگیه‌كی تایبه‌تمان هه‌بێت؟ ده‌كرێت حه‌سوودی وه‌ك ئاوینه‌یه‌ك بۆ زووتر له‌ خۆ تێگه‌یشتن و بوون به‌و كه‌سه‌ی وا ده‌مانه‌وێت ببین به‌كاربهێنرێت.
ده‌ڵێت  Vilhelm Ekelund
« نه‌وه‌دوونۆ له‌ سه‌دی (٩٩%) زوێری و تووڕه‌یی ئیخلاقی هیچ بنه‌مایه‌كیتری نییه‌ جه‌گه‌ له‌ حه‌سوودی.»
په‌ندێك ده‌ڵێت: «له‌ حه‌سوودیدا مرۆڤ مایه‌ی دڵخۆشی كه‌سیتر ده‌بژێرێت نه‌ك هی خۆی.»
سه‌رچاوه‌:
* Avund och konkurrens, känslor i vardag:  Av Marta Cullberg Weston, 2010,  
ISBN 978-91-27-13493-5


Inga kommentarer:

Skicka en kommentar